هه‌واڵ

ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەکرێت

پاڵپشت بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، شارەوانییەکان دەستیان بە ئامادەکاری بۆ دیاریکردنی ئەو پارچە زەوییانە کردووە، کە گونجاون بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زێدپرێس، ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پێنجشەم، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکان و ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو هەنگاوانە کە شارەوانییەکان بۆ دیاریکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ناویانە.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون.

بڕیارەکە لەکاتێکدا بوو، کە ماوەی ١٨ ساڵە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ڕاگیراوە و بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی لە وەرگرتنی زەوی سوومەند نەبوونە.

دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرجەم سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتییە گشتتەکانی شارەوانی پارێزگاکان و سەرۆکی شارەوانیی ناوەندی پارێزگاکان کۆبووەوە و سەرۆک شارەوانییەکان ڕاسپێدران بە دەستنیشانکردنی ئەو پارچە زەوییانەی گونجاون بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی شارەوانی، هەر فەرمانبەرێک پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون بە ڕووبەری ٢٠٠ مەتر وەردەگرێت.

بەگوتەی سەرچاوەکەی زێدپرێس، شارەوانییەکان لە دوای کۆبوونەوەکەوە، دەستیان بە ئامادەکارییەکان بۆ دەستنیشانکردنی زەوییە گونجاوەکان بۆ نیشتەجێبوون و دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران کردووە و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکرێت.

پێشتر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دەستنیشانکردنی زەوییەکان بەگشتی شەش تا هەشت مانگ دەخایەنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...