هه‌واڵ

پێشێلکاری بەرانبەر بە ٨٠ ڕۆژنامەنووس دەکرێت

زێدپرێس

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، پێشێلکاری بەرانبەر بە ٨٠ ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرانی دەزگەکانی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ٤١ دۆسیەی پێشێلکاری بەرانبەر بە ٨٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگەی میدیایی تۆمار کراوە.

سەندیکاکە حەوت جۆری پێشێلکاری تۆمارکردووە، ڕێگەنەدان بە ڕووماڵی میدیایی و جیاکاری لەنێوان میدیاکاندا، زۆرترین ڕێژەی پێشێلکاری پێکدێنێت، کە ٢٠ دۆسیە و ٣٩ ڕۆژنامەنووس دەگرێتەوە. لە پلەی دووەمیشدا دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان کە هەشت دۆسیە و ٢٢ ڕۆژنامەنووس دەگرێتەوە. هەریەک لە پێشێلکارییەکانی دیکەی وەک هێرش و سووکایەتی، هەڕەشەکردن، شکاندن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و لێدان لە ڕۆژنامەنووسان ژمارەیەک دۆسیەیان تێدا تۆمار کراوە.

سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشێلکارییان بەرانبەر ئەنجامدراوە، لە ڕەگەزی نێرینەن.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕوونی کردووەتەوە، لەکۆی ئەو ٤١ دۆسیەی پێشێلکارییەدا، زۆرترین دۆسیەی پێشێلکاری لە هەولێر تۆمارکراوە، کە ١٣ دۆسیەیە، پاشان پارێزگای دهۆک ١٠ دۆسیە، پارێزگای سلێمانی حەوت دۆسیە، ئیدارەی سۆران شەش دۆسیە، کەرکووک دوو دۆسیە، دوو دۆسیەی دیکەیش لە گەرمیان و دۆسیەیەکی پێشێلکاریش لە هەڵەبجە تۆمارکراوە.

 

دەقی ڕاپۆرتەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...