هه‌واڵ

وەزیری کار نهێنییەکانی دۆسیەی شێروان شێروانی و زیندانیانی بادینان ئاشکرا دەکات

زێدپرێس

 

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک زانیاری تایبەت و نهێنی، پێوەست بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان و بەدیاریکراوی دۆسیەی شێروان شێروانی ئاشکرا دەکات.

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ دۆسیەی سزادراوانی بادینان بڵاو کردەوە و تیایدا کۆمەڵێک زانیاری تایبەت دەخاتە ڕوو.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕای گشتی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی سزادراوانی بادینان

دوو رۆژه‌ چه‌ندین كه‌س و لایه‌ن كه‌وتونه‌ته‌ هه‌ڵمه‌تێكی ناڕه‌وا دژمان، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ یان به‌مه‌به‌ست به‌ ئامانجیان گرتووم یان له‌ نه‌شاره‌زایی و نه‌زانینه‌.

كاروباری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازیه‌كان به‌ په‌یره‌وی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2008ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رێكخراوه‌ و به‌پێی مادده‌كانی ئه‌م په‌یره‌وه‌، ئه‌ركی ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نیا ڕێكخستنی ژیانی سزادراوان و چاكسازی و شیاندنه‌وه‌یانه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگا و له‌ هه‌ر شه‌ش به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی گه‌وران و ژنان و منداڵانی (هه‌ولێر- سلێمانی- دهۆك) سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌زاره‌تمان ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی هه‌یه‌ كه‌ كاروباری یاسایی چاكسازییه‌كان به‌رێوه‌ده‌بات و سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی یه‌، با ئه‌و به‌رێزانه‌ی ئێمه‌یان به‌ ئامانج گرتووه‌ بۆ جارێك په‌یره‌وی چاكسازی یه‌كان بخوێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌.

لێره‌وه‌ به‌ كورتی ئه‌م كارانه‌ ئه‌خه‌مه‌ روو كه‌ بۆ ئه‌م به‌رێزانه‌م ئه‌نجام داوه‌:

1- هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا دووجار دیداری تایبه‌تم بۆرێكخستن له‌گه‌ڵ كه‌س و كاریان له‌كاتێكدا كاتی دووه‌م شه‌پۆڵی په‌تای كۆڕۆنابوو به‌ فه‌رمانی وزاری هه‌موو سه‌ردان و دیدارو مۆڵه‌تێكمان راگرتبوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاگاداریان كردمه‌وه‌ كه‌ ئه‌م دیداره‌ دژ به‌ فه‌رمانی خۆته‌ و مه‌ترسیش هه‌یه‌ كه‌ په‌تای كۆرۆنا بگوازرێته‌وه‌ بۆناو چاكسازی، به‌ڵام ئه‌م دوو دیداره‌م هه‌ر بۆ رێكخستن.

2- ئه‌و به‌رێزانه‌ داوایان كرد كه‌ هه‌موویان بخرێنه‌ یه‌ك هۆڵ، راسته‌وخۆ ئه‌م داوایه‌مان بۆ جێبه‌جێ كردوون.

3- چه‌ندین كه‌یس و كێشه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر كردوون له‌وانه‌ (كه‌یسی ده‌ستكاری كردنی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی چاكسازی و هه‌وڵدان بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ هۆڵه‌كانی تره‌وه‌و  كیشه‌ی شێروان شێروانی له‌گه‌ڵ سزادراوی كوردی رۆژهه‌ڵات و كێشه‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی جوانرۆ)ئه‌مانه‌ و چه‌ندین دۆسیه‌ و كێشه‌ی تر كه‌ نه‌مانهێشتووه‌ بگاته‌ دادگا.

4- ده‌رگای چاكسازیمان واڵاكردووه‌ بۆ (په‌رله‌مانتاران و رێكخراوه‌كان و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ….) به‌شێوازێك 600 سزادراو یاداشتیان ئاراسته‌ كردووم كه‌ جیاكاری ئه‌كه‌ین له‌ نێوان ئه‌وان و سزادراوانی بادینان و هه‌ره‌شه‌ی مانگرتنیان لێكردووم.

5- خۆم دووجار دانیشتنی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ ئه‌نجام داون، جارێك به‌ ئاماده‌بوونی به‌رێوه‌به‌ری گشتی چاكسازی و جارێك له‌گه‌ڵ راوێژكاری وه‌زاره‌ت بۆكاروباری چاكسازییه‌كان و گوێمان لێگرتوون و ئه‌و داواكاریانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ په‌یره‌وی چاكسازی یه‌كیان گرتۆته‌وه‌ جێبه‌جێمان كردوون و ئه‌وانی ترمان بۆ روونكردونه‌‌ته‌وه‌ كه‌ په‌یره‌وی چاكسازی رێگا نادات.

6- شێروان شێروانی جوابی بۆ ناردبووین كه‌ ژه‌هر خواردوو ئه‌كرێن له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ری گشتی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی چوینه‌ته‌ چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر و له‌ چێشتخانه‌وه‌ تا به‌رده‌م هۆڵه‌كه‌ی ئه‌و به‌رێزه‌ تا خۆمان دڵنیابین له‌وه‌ی كه‌ ئایا ئه‌كرێت ژه‌هر خوارد بكرێت یان نا.!

7- ئه‌وكاته‌ی مانیان گرتبوو رۆژانه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ به‌رێوه‌به‌ری چاكسازیه‌و كردووه‌ و له‌ ته‌ندروستیانم پرسیوه‌ و ئاگادارم كردونه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ پزیشكی چاكسازی سه‌ردانیان بكات.

ئه‌مانه‌و چه‌ندین هاوكاری تر كه‌ تائێستا بۆ هیچ سزادراوێك نه‌كراوه‌.

تایبه‌ت به‌سزادانه‌وه‌ی شێروان شێروانی ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌و كه‌یسه نه‌بووین و كاتێك زانیمان له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ری گشتی چاكسازی چووینه‌ چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر و له‌گه‌ل به‌رێوه‌به‌ر و هه‌موو به‌رسی به‌شه‌كان كۆبووینه‌وه‌ و پێیان راگه‌یاندین ئه‌م به‌رێزانه‌ یاداشتێكیان داوه‌ به‌ به‌رێوه‌به‌ر و داواده‌كه‌ن ئازادبوونی به‌مه‌رجیان ناوێت ئه‌ویش ئاراسته‌ی داواكاری گشتی كردووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رێزانه‌ سێ مانگ بوو مانیان گرتبوو و داوای ئازادبوونی به‌مه‌رجیان ئه‌كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مانزانی ئازادبوونی به‌مه‌رج نایانگرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌وان و پێنج سه‌د سزادراوی تر كه‌ به‌هه‌مان مادده‌ سزادراون ئاراسته‌ی ئه‌ندامی داواكاری گشتیمان كردبوو، بۆیه‌ ئه‌ندامی داواكاری گشتی گومان ده‌كات له‌ ژێر فشاردا ئه‌و یاداشته‌یان نووسیبێت بۆیه‌ یه‌ك یه‌ك بانگیان ئه‌كات كه‌ بۆچی ئازادكردنی به‌مه‌رجیان ناوێت و سیانیان ئه‌ڵێن ئه‌مانه‌وێت و ئه‌و په‌نجه‌ مۆره‌ هی ئێمه‌ نیه‌، هه‌ر بۆیه‌ داواكاری گشتی به‌بێ پرس و ڕا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ داوای یاسایی تۆماركردووه‌ له‌سه‌ر شێروان شێروانی،  له‌و دانیشتنه‌ بۆ دڵنیایی خۆم شڤانم بانگ كرد لێم پرسی ئازادكردنی به‌مه‌رجت ناوێت، ووتی ئێستا بۆم بكه‌ن ئه‌مه‌وێت، ووتمان ئه‌ی بۆداوات كردووه‌ ناته‌وێت؟ ووتی په‌نجه‌ مۆری من نیه‌، ووتمان داوات له‌سه‌ر شێروان هه‌یه‌؟ ووتی نه‌خێر، لێمان پرسی ئه‌و براده‌رانه‌ی تر داوایان له‌سه‌ری هه‌یه‌، ووتی نه‌خێر، بۆیه‌ ئه‌و ستافه‌مان ئاگاداركرده‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌وره‌ نه‌كه‌ن و دایبخه‌ن، به‌ڵام ووتیان داواكاری گشتی داوای تۆماركردووه‌ و له‌گه‌ڵ گه‌رانه‌وه‌م بۆ وه‌زاره‌ت  چه‌ند یاسایی یه‌كی شاره‌زام پرسی ئایا شێروان شێروانی له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ سزای تری له‌سه‌ر ئه‌درێت، ووتیان نه‌خێر.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ڕێگای گه‌رانه‌وه‌م له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بینیم كه‌له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ی شێروان شێروانی سزادراوه‌ تووشی شۆك بووم! سێ جار په‌یوه‌ندیم به‌ به‌رێوه‌به‌ری چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر كردووه‌ كه‌ ئایا داواتان تۆماركردووه‌، ره‌تی كرده‌وه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئه‌ندامی داواكاری گشتی یه‌وه‌ كرد پشت راستی كرده‌وه‌ كه‌ به‌رێزیان داوای كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ری، به‌ڵام هه‌ڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ یاسایی یه‌ك ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بووه‌ به‌بێ ئاگاداری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاكسازی و وه‌زاره‌ت و دژ به‌ شێروان شێروانی قسه‌ی كردووه‌، راسته‌خۆ به‌رێوه‌به‌ری گشتی چاكسازیمان راسپارد كه‌ ئه‌و یاسایی یه‌ سزا بدات.

نووسینگه‌كه‌ی خۆم راسپارد كه‌ یاداشتێك ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری تا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ واژووی بكه‌م و بینێرم  كۆمه‌ڵێك رێو شوێنی تر، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ئه‌ركی خۆم ئه‌زانم و خه‌سله‌تی خۆده‌رخستن و پۆپۆلیستیم نیه‌، بۆیه‌ هیچیانم باس نه‌كردووه‌.

له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌موو سزادراوێك كه‌س و كاری ئێمه‌ن و ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ هاوكاریان بین و بیانپارێزین.

هاوپێچ نووسراوی داواكاری گشتی كه‌ ئه‌یسه‌لمێنێت كه‌  ‌وه‌زاره‌تمان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م داوایایان به‌رز نه‌كردۆته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ رێزدا…

كوێستان محەمەد عەبدوڵا

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی

 

Zed Press News زێدپرێس هەواڵ زیندانیانی بادینان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...