كه‌لتوورهه‌واڵ

ئاسایشی سلێمانی ڕێگری لە خەڵاتکردنی عەبدوڵا حەسەنزادە کرد

لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگری لە چالاکییەکی ئەدەبی کرا بوو، کە بڕیاربوو تیایدا خەڵاتی ڕێزلێنان وەک وەرگێڕێک پێشکەش بە عەبدوڵا حەسەنزادە بکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوێنێ ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، بڕیاربوو “دیداری شوکر مستەفا بۆ وەرگێڕان” لەلایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت و لە دیدارەکەدا وەک وەرگێڕێک خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی عەبدوڵا حەسەنزادە نووسەر و وەرگێڕ و سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستان بکرێت.

دوو ڕۆژ پێشتر، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پۆستەری تایبەت بە دیدارەکە، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، بە دروشمی “وەرگێڕان پردە بەهێزەكەی پەیوەندیی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان” دیداری مامۆستا “شوكور مستەفا” بۆ وەرگێڕان سازدەكات و لە دیدارەکەدا “وەرگێڕی بەئەزموون مامۆستا “عەبدوڵڵای حەسەنزادە” ئامادە دەبێت و  خەڵاتی وەرگێڕی نموونەیی لەلایەن دامەزراوەکەوە پێ دەبەخشرێت”.

هەر بەگوێرەی کارنامەی دیدارەکە، بڕیاربوو هەریەک لە نووسەر و وەرگێڕ  “شەفیق حاجی خدر، لاڤین یوسف حەمە ڕەئوف و مەسعود بابایی” لە بارەی پرسی وەرگێڕانەوە وتار پێشکەش بکەن.

دیدارەکە بڕیاربوو لە کاتژمێر ٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ بەڕێوەبچێت و ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ڕۆشنبیر و کەسایەتی جیاجیا لەبەردەم هۆڵی خاک ئامادە بوون، بەڵام پێش دەستپێکردنی دیدارەکە، دەرگای هۆڵەکە بەڕووی ئامادەبووان داخرا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی زێدپرێس لە چەند نووسەر و ئامادەبوویەکی دیدارە قەدەغەکراوەکە دەستی کەوتووە، سەرپەرشتیارانی دیدارەکە لە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، بە ئامادەبووانیان ڕاگەیاندووە، کە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادار کراونەتەوە، نابێت دەرگای هۆڵەکە بکرێتەوە و دیدارەکە ساز بکرێت، بەپاساوی ئەوەی لە دیدارەکەدا عەبدوڵا حەسەنزادە خەڵات دەکرێت و ئەوەش دەشێت نیگەرانی لایەنی ئێرانی لێبکەوێتەوە.

یەکێک لە ئامادەبووانی دیدارەکە، بۆ زێدپرێس باسی لەوە کرد، کە گوایە ئاسایشی سلێمانی، ترسیان لەوە هەبووە، نەوەک هێزێکی ئێرانی هەڵبکوتێتە سەر هۆڵەکە، لەکاتێکدا کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشدار بوون یان چاوەڕوان دەکرا بەشداری لە دیدارەکەدا بکەن.

تا ئێستا هیچ کام لە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و ئاسایشی سلێمانی هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ڕێگریکردن و ئەنجامنەدانی دیدارە ئەدەبییەکە نەبووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...