هه‌واڵ

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ بۆردمانکردنی نەخۆشخانەکەی غەززە

زێدپرێس

 

نەتەوەیەکگرتووەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بەتوندی سەرکۆنەی بۆردمانی نەخۆشخانەکەی غەززە دەکەن و ڕایدەگەیەنن، شەڕ و توندوتیژی دەبێت ڕابگیرێت و نابێت چیتر خەڵکی مەدەنی باجەکەی بدەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

نەتەوەیەکگرتووەکان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی بۆردمانکردنی نەخۆشخانەی تایبەتی مەعمەدانی لە غەززە کرد، کە زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن، کە سەدان کەسی تێدا کوژران و ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ.

هەروەها، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی کرد، کە وەک کەمپی پەنابەران لە غەززە بەکارهێنراوە و بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم شەش کەس.

ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان پرسە و سەرەخۆشی قوڵی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست. جەختی لەوە کردەوە، کە نەخۆشخانەکان، کلینیکەکان، کارمەندانی پزیشکی و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد، ئێوارەی دوێنێ سێشەم، لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی غەززە ئەنجامدرا.

د. ئەحمەد ئەلمەنداری، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە، ڕایگەیاند، کە نەخۆشخانەکە چالاکە، نەخۆش و کارمەندی پزیشکی و ئاوارەکان پەنایان بۆ بردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشخانەی مەعمەدانی لەناو ٢٠ نەخۆشخانەی باکووری کەرتی غەززەدایە، کە پێشتر سوپای ئیسڕائیل فەرمانی بە چۆڵکردنی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە مەحاڵە، لەوانە نەبوونی ئەمن و بارودۆخی ناجێگیر بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان، هەروەها نەبوونی ئەمبوڵانس و پەناگەی جێگرەوە بۆ ئاوارەکان.

 

یونیسێف

کاترین ڕوسیل بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونیسێف بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە، “بەهۆی ئەو هەواڵانەی کە باس لە کوژران و برینداربوونی منداڵان و ژنان دەکەن، دوای هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە، ئەم ئێوارەیە تووشی شۆک و تۆقین بووم”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە ئەو کاریگەرییە کوشندەیە پشتڕاستدەکاتەوە، کە ئەم شەڕە بەردەوامە لەسەر منداڵان و خێزانەکان هەیەتی. تەنیا لە ماوەی ١١ ڕۆژدا سەدان منداڵ بە شێوەیەکی کارەساتبار گیانیان لەدەستدا – بە مردنەکانی ئەمڕۆشەوە – هەزاران کەس بریندار بوون، و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار منداڵیش لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون.

 

سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان

لەیلا بەکر، بەڕێوەبەری هەرێمی سندووقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتانی عەرەبی، بۆردومانی نەخۆشخانەکەی شەرمەزار کرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەبێت جیهان دەستبەجێ هەنگاو بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە سوڕی توندوتیژی و پاراستنی بێتاوانەکان. بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی، تاوانێکە کە نابێت قبوڵ بکرێت”.

 

ئۆفیسی مافی مرۆڤ

ڤۆڵکەر تورک کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، ئەمشەو سەدان کەس بە شێوەیەکی کارەساتبار کوژران لە بۆردمانێکی بەرفرەوان بۆ سەر نەخۆشخانەی نیشتمانی عەرەبی (مەعمەدانی) لە شاری غەززە، لەنێویاندا نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی و خێزانەکان، کە پەنایان بردبوو بۆ نەخۆشخانەکە و دەوروبەری.

جەختیشی لەوە کردەوە کە نەخۆشخانەکان شوێنێکی پیرۆزن، و “دەبێت بە هەر نرخێک بێت پارێزراو بن”. گوتیشی: “هێشتا بەتەواوی ڕادەی ئەم کۆمەڵکوژییە نازانین، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە دەبێت دەستبەجێ توندوتیژی و کوشتن ڕابگیرێت”.

 

ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی

ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە توندترین شێوە سەرکۆنەی “هێرشی ترسناک بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی” کرد و هاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی.

دووپاتی کردەوە، کە دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندەکانیان بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پارێزیی تایبەت بەخۆیان هەیە، گوتیشی “نابێت خەڵکی مەدەنی بەردەوام بن لە باجدان، دەبێت توندوتیژی و تیرۆر ڕابگیرێت”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...