کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان داواکارییەکی دیکەی پارتی جێبەجێ کرد
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەمیندارێتیی گشتی ئەنجوومەنی کۆمسیۆن، کە ئەمڕۆ دووشەم، ١٣ی ئایاری ٢٠٢٤ ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە و ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی تێدا ڕاگەیەندراوە، کە فەرمانگەکانی هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە، ڕادەسپێردرێن بۆ پێوەندیکردن بەو دەنگدەرانەی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەبووە و دووبارە پەنجەمۆری تازەیان لێ وەردەگیرێت و بەو جۆرەیش گرفتی سەدان هەزار دەنگدەر چارەسەر دەکرێت کە بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە لە دەنگدان بێبەش کرا بوون.
هەر بەگوێرەی نووسراوەکەی کۆمسیۆن، پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
پێشتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەدان هەزار دەنگدەر کە گرفتیان لە خوێندنەوەی پەنجەمۆر هەبووە و ئەوەش وەک تێبینییەک لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی کۆمسیۆن کراوە، کە تیایدا مەزەندەی ئەوە کراوە ڕێژەی ٢٠٪ی ئەوانەی کارتی بایۆمەتریان هەیە، کێشەیان لە خوێندنەوەی پەنجەمۆردا هەبێت.
لە کۆتایی ئاداری ٢٠٢٤، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە زاری گوتەبێژەکەیەوە، وەڵامی تێبینییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە، بەوەی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، حالەتێکی ئاساییە و لەڕێژەی ستاندارد زیاتر نییە. هەروەها گوتەبێژەکەی کۆمسیۆن پێداگیری لەسەر ئەوە کردبوو، کە کێشەکە پەیوەندی پەنجەی دەنگدەرانەوە هەیە، نەک ئامێرەکانی خوێندنەوەی پەنجەمۆر و ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو گومانەی کە وەک یارییەکی سیاسی سەیری کێشەکەی دەکرد.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لەناویاندا پارتی دیموکرات، بەتوندی نیگەرانی لە کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆردا دەربڕیوە و ئەوەش یەکێک لە پاساوەکانی بوون بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی لەمەڕ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشتر بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوە کردووە، کە “چەند ڕێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر کە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدددیەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (400) هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لەدەنگدان، کە دەکاتە 20%ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان كردووە، بەبیانوی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان“.