هه‌واڵ

گۆڕان: شنگال و خەڵکەکەی وەک کارت و ئامرازی ململانێی سیاسی بەکاردەهێنرێن

زێدپرێس

بزووتنەوەی گۆڕان لە نۆ ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییان لە شنگال، ڕای دەگەیەنێت، تا ئێستا شنگال و خەڵکەکەی قوربانین و وەک کارتی سیاسی و ئامرازی ململانێی سیاسی بەکاردەهێنرێن.

 

دەقی ڕاگەیەنراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە نۆ ساڵەی جنۆسایدی ئێزدییان:

ئەمڕۆ، نۆ ساڵ بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شه‌نگال تێدەپەڕێت، ئەم یادە کارەساتبارە لە یادەوەری هەموو کوردێک و خوشک و برایانی ئێزیدیدا برینێکی قوڵ و کراوەیە، هاوکات ئاسایینەکردنەوەی دۆخی شار و ناوچەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی خەڵک و خراپی ژیانی ئاوارەکانیش شوێنەواری ئەو کارەساتەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.

کارەساتی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکان لە (٣ی ئابی ٢٠١٤)، کە لە چەند ڕۆژێکدا بەهۆی پەلاماری چەکدارانی تیرۆریستی داعش بەهەزارانیان کۆمەڵکوژ و گولەباران و زیندەبەچاڵکران، هەزارانیش لە کچ و ژنی ئێزیدی ڕفێنران و خرانە بازاڕی کڕین و فرۆشتنەوە، چەندان ڕێگەی دیکەی تۆقاندن و زۆرلێکردن و ئاوارەکردن بۆ گۆڕینی ئاین و بیروباوەڕیان خرایەگەڕ، بەم تاوانەش زنجیرەی کۆمەڵکوژ و کارەساتە گەورەکانی سەر نەتەوەکەمان زیاتر کران.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مایەی دڵخۆشییە، کە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا بە فەرمی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیان ناساندووە و پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتییان لەم دۆزە کردووە، بەڵام ئەم کارەساتە مرۆییە چاوەڕوانی کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر دەکات بۆ پشتگیری و بە فەرمی ناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن وڵاتانی دیکە و پشتگیری زیاتری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، مایەی داخە شەنگال و خەڵکەکەی تا ئێستاش قوربانین و وەک کارتی سیاسیی و ئامرازی ململانێی سیاسیی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیتحادی و لایەنە سیاسییەکان بەکاردەهێندرێت، لەم سۆنگەیەوە داوا دەکەین، لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەپیرەوەچوونی ڕاستەقینەی خەم و ئازارەکانی ئێزیدییەکان؛ چەند هەنگاوێکی کرداری بگرنەبەر، لەوانە؛

  1. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیتحادی.
  2.  گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی باو و باپیرانیان و باشترکردنی شێوازی ژیانیان لە کەمپ و ئۆردوگاکان.
  3.  گەیاندنی دەستی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک.
  4.  دیاریکردنی چارەنووسی بێسەرشوێنەکان و گێڕانەوە و بە ئازیزان شادکردنەوەی ئەوانەی لە ژیاندا ماون.

 

بزووتنەوەی گۆڕان

٣ی ئابی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...