دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی یەکێتی بڕ‌یاری دا
ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، تانەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە دژی بڕیارەکەی کۆمسیۆن بۆ ڕاگرتنی ڕێکار و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەسند کرد. دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە، کە نابێت کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پابەندی بڕیارەکەی دادگەی باڵایی فیدڕاڵی بێت، بەو پاساوەی کە بابەتەکە لە تایبەتمەندییەکانی دادگەکەدا نییە.
پێشتر دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕ‌یاری لەسەر ڕاگرتنی بڕگەیەک لە سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، کە هەرێمی کوردستانی بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرد و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیشی بە ١٠٠ کورسی دیاریکردبوو.
هەر ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەرجەم ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگرت، وەک پابەندبوون بە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی.
لەکاردانەوەی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە تانەی لە بڕیارەکە دا. هەروەها، یەکێتیی نیشتمانی، لەڕێگەی ڕزگار حاجی لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکەوە، لە دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە، تانەی لە بڕیارەکەی کۆمسیۆن دا.
ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی، لە زاری ڕزگار حاجی لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی حزبەکەوە ڕایگەیاندووە: “بڕ‌یاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌كاتێكدابوو كه به‌پێی ده‌ستوور نابێت هیچ سكاڵا و تانه‌یه‌ك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بدرێت، له‌كاتێكدا كه شەش مانگ به‌سه‌ر بڕ‌یاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندا تێپه‌ڕ‌یوه و سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانیش له‌كاتێكدابووه، كه چه‌ند رۆژێكی كه‌می ماوه بۆ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن”.
وەک بەرپرسەکەی یەکێتی دەڵێ: “به‌پێی یاساش پێش كه‌متر له شه‌ش مانگ هیچ جۆره تانه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ناده‌ستوورییبوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌قه‌كانی نێو یاساكه وه‌رناگیرێت”.
زیاتر دەڵێ: “یه‌كێتی هه‌موو ڕێكارێكی یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن دوانه‌خرێت و له‌و واده‌یه‌دا ئه‌نجامبدرێت، كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌رسومی بۆ ده‌ركردووه”.