هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە و “هەژماری من”ەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت،  نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەر لە ڕێی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرتووە ودڵنیایی دەدات کە هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەناو بانکەکانی پڕۆژەی هەژماری من بکاتەوە، هیچ لایەنێک بە حکوومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستکاری مووچەکانیان بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دووشەم، ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ دەڵێ: “بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەینین کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت. ئەمەش دوای ئەوە هات کەوا لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پڕۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو”.

زیاتر دەڵێ: “ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کەوا ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەروەها ڕایگەیاندووە، “ئامانج لە پڕۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت”.

دووپاتیشی دەکاتەوە: “هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکوومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات. هەربۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاوڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود ڕێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وادەکات هەم کات و هەم ماندووبونێکی زۆرریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا دەڵێ: “خۆشحاڵین کە لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاووڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتر لایان دروست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەش دەکەن”.

هەر ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “سەرەڕای ئەوەی لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەند بن لە ڕاکێشانی مووچەکانیان لە ٨٤ ئامێری جیاوازی ڕاکێشانی پارە  ATM، ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەیەنین بە نزیکەی هەزار ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاووڵاتییانمان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتر بێت. ئەو کەسانەشی کەوا شارەزاییان لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هەژماری بانکی کەمترە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانمانەوە هاوکاری دەکرێن”.

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری: “تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن. هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموو لایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...