ههواڵ
پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان گەڕێندرانەوە
دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری لەسەر گەڕاندنەوەی پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە، کورسییەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن دابەش دەکرێن.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ دەرکراوە، پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان تەرخان دەکرێت.
کورسییەکان بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێن؛ دوو کورسی بۆ بازنەی هەولێر، دوو کورسی بۆ بازنەی سلێمانی و کورسییەک بۆ بازنەی دهۆک.
هاوکات جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، بڕیارەکە لە دەستەی دادوەری کۆمسیۆن دەرچووە و هەر پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان، مەسیحی و ئەرمەن تەرخان دەکرێن، بەجۆرێک کە دوو کورسی کە بازنەی هەولێر بۆ تورکمان و مەسیحی، دوو کورسی لە بازنەی سلێمانی بۆ تورکمان و مەسیحی و یەک کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن لە بازنەی دهۆک دەبێت.