كۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ

هەولێر: ڕۆژانە چوار تا پێنج بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە هەر ڕۆژێکدا چوار بۆ پێنج بازرگان و بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر، ٥٨٠ تۆمەتبار بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.

لە ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا ڕوونکراوەتەوە، لەو ژمارەیەدا، زیاتر لە نیوەی دەستگیرکراون کە ٣٢٨ تۆمەتبارن، لە بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر تێوەگلاون.

بەپێی داتاکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر، لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا و نە تێکڕا لە هەر ڕۆژێکدا چوار بۆ پێنج بەکارهێنەر و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون. تەنیا ئەو ژمارەیەی تۆمەتباران کە لە لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشدا دەرکەوتووە، لە بازرگانی، کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان تێوەگلان، بە تێکڕای چوار مانگەکە، لە هەر ڕۆژێکدا لە نێوان دوو تا سێ تۆمەتباری تێوەگلاو لە بازرگانیکردن و کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێ، دۆسیەی سەرجەم تۆمەتبارەکان لە دادگەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.

ئەو ئامارانە لەکاتێکدا دێن، کە تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لە دوو چالاکیدا چوار تۆمەتبار بە بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کردووە، ڕۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠٢٤، دوو تۆمەتباریان لە شارۆچکەی خەباتی سنوری هەولێر دەستگیر کردووە و لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانیش دەستیان بەسەر بڕی ٨٥٠ شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵدا گرتووە، کە دەکاتە هەشت هەزار و ٥٠٠ دەنە حەبی هۆشبەر.

لە ٢٢ی ئایاریشدا، دوو تۆمەتباری دیکە، کە بەهەمان شێوە بازرگانییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکرد، بە بڕی ٢٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەناو شاری هەولێر دەستگیرکراون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...