هه‌واڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە کۆببێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەیانی ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات و سەردانەکەیش لە ئاستێکی باڵادایە؛ “سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە”.

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات لەکاتێکدایە، کە بابەتی فرۆشتنی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە عێراق بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەئارادایە.

کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی سەرکاری کێڵگەی گازی کۆرمۆرە و پێشتر بە گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێڵگەکەی وەرگرتووە.

دوو ڕۆژی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر کڕینی گازی کۆرمۆر دا و بڕیاری هەناردەکردنی گازەکە بۆ وێستگەی کارەبای کەرکووک هەیە.

دوێنێ چوارشەم، ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند،  بەرهەمی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانە گاز) تەرخانکراوە بۆ کەرتی کارەبا و لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “بۆیە هەر بڕە گازێک کە بەرهەم بێت نابێت بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێم بفرۆشرێت بە هیچ لایەنێک”.

پێدەچێت دۆسیەی فرۆشتنی گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە نێوان کۆمپانیا ئیماراتییەکە و حکوومەتی عێراق یەکێک لە تەوەرەکانی کارنامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت لە ئیمارات.

ئیمارات ئامادەییەکی گەورەی لە کەرتی وزە و کەرتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەیە. جگە لە کێڵگەی کۆرمۆر، کە لەلایەن داناگازەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، تا تەمووزی ساڵی ڕابردوو، سەرمایەی ئیمارات لە کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

کۆمپانیا ئیماراتییەکان دوای چین، لەڕووی قەبارەی سەرمایەگوزارییەوە پلەی دووەمیان لە بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...