هه‌واڵ

دووەمین لیستی فەرمانبەران ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق کرا

وەزارەتی دارایی دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) دەكات، كە ژمارەیان ٤٥٣ فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەكانە و دەشڵێ: “هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانكەكە ئامادە دەکەین”. بەڵام ئەگەر پڕۆسەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت و هەموو بەبانکیکردنی مووچە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقەوە بکرێت، پێویستی بەنزیکەی ٣٠ ساڵ هەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤، لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای پڕۆژەی (هەژماری من)، و بە پشتبەستن بە ڕێكکەوتنی وەزارەت لەگەڵ بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەك، وەزارەتی دارایی زانیاریی ٤٥٣ فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان نارد.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەكردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران كە ئەم بانكە هەڵدەبژێرن لەنێوان حەوت بانكەكەی ناو پڕۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پڕۆسەیەی كە بانكی ناوەندی عێراق پەسەندی كردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانكەكە ئامادە دەكات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێ، حكوومەتی هەرێم “بە پەرۆشەوە” چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پڕۆسەی كردنەوەی هەژمارەكان و چاپكردنی كارتەكان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە هەفتەی ڕابردوو زانیارییەكانیان بۆ بانكی ناوبراو نێردرابوو، داواشی لە بانكەکە كردووە بە زووترین كات دەست بە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بكات.

ڕۆژی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە یەکەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکیی بازرگانیی عێراق کرا، کە ناو و زانیاری ٣٦٨ فەرمانبەری سەربە وەزارەتە جیاجیاکانی لەخۆگرتبوو.

بە تێکڕای هەردوو لیستەکە، ناو و زانیاری ٨٢١ فەرمانبەری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەبانکیکردنی مووچە، ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق کراوە.

سەرچاوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە تۆمارکراون لەڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە.

هەرچەند وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە بانکی بازرگانیی عێراق لەچوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من بەشداری لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام بانکەکە خۆی تەنیا پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە پاڵپشت بە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەک بانکێکی حکوومی و فیدڕاڵی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات،

میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەی جیاجیاوە، باس لەوە دەکەن کە بانکی بازرگانیی عێراق پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی بۆ ڕێژەی ٧٥٪ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات و ٢٥٪ی ڕێژەکەی دیکە لەلایەن بانکەکانی هاوبەش لە پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە دەبێت، بەو جۆرەی کە تا ئێستا دەستی پێکراوە.

لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە هەفتانە لیستی ناو و زانیاری فەرمانبەران بەمەبەستی بەبانکیکردنی مووچە ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق دەکات، بەڵام لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، تەنیا لیستی ناوی ٨٢١ فەرمانبەر ڕەوانە کراوە و ئەگەر لە هەر هەفتەیەکدا تەنانەت لیستی ناوی ٥٠٠ فەرمانبەریش ئاڕاستەی بانکەکە بکرێت، بانکەکە پێویستی بە نزیکەی ٣٠ ساڵ هەیە بۆ وەرگرتن و تەواوکردنی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی تەنیا ٧٠٠ هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...