هه‌واڵ

ڕێوشوێنی مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو ڕاگەیەندرا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار مۆڵەتی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو دەداتە ئەو خاوەنزەوییانەی ماوەیەكی درێژە چاوەڕوانی ئەو بڕیارەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەم (2ی حوزەیرانی 2024) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستانی ناردووە، ئەو مەرجانە خراونەتە ڕوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو سوودمەن بن.

ساسان عەونی لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ پاراستنی فرەچەشنیی كۆمەڵایەتی و ڕێگەگرتن لە جیاوازیی چینایەتی و ڕێكخستنەوەی ژینگەی ئاوەدانیی شار و شارۆچكەكان لە چوارچێوەی پێوەرە پلانسازییەكاندا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان، ئەم بڕیارە دەرچووە.

لە ڕوونكردنەوەكەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاردا، تەواوی ئەو مەرجانەی تێدایە كە پێویستە شارەوانیی پەیوەندیدار و خاوەنزەوییەكان پێوەی پابەند بن، لەوانە نابێت هیچ زەوییەك كە دابەش دوو دەرێت، لە 200م2 كەمتر بێت و پێویستە ڕووكاری هەر پارچە زەوییەكیان لە پێنج مەتر كەمتر نەبێت و دەبێت ڕووبەری هەر زەوییەكیش دوای دابەشكردنی بەلای كەمەوە 100م2 بێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرۆكایەتیی هەموو شارەوانییەكان كردووە، ڕەچاوی لایەنی تەندروستی و ژینگە و ڕێژەی سەوزایی بكەن و بە وردی و خاڵ ڕوونی كردووەتەوە، ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لەمەوپاش تەنیا كار بەم ڕوونكردنەوەیە دەكرێت.

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...