هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: سامانی مرۆیی و ماددی زۆرمان هەیە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشترمان دەوێت

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “سامانی مرۆیی و ماددیی زۆرمان هەیە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشترمان دەوێت تا بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارەکەی، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لە شاری دهۆک، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەم، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، باسی لە سەردان و کۆبوونەوەکانی هەفتەی ڕابردوویان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی ڕاشکاوانەیان بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، بە بەرپرسانی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی ڕایگەیاندووە، کە “جێی داخ و نیگەرانییە تا ئێستایش دانوستان لەسەر کێشەی مووچە دەکەین، پێویستە ئەو مافانە سروشتی بن و نەبنە هەواڵی ڕاگەیاندن، بەڵکوو خۆزگە بەرنامەڕێژییمان دەکرد بۆ چۆنیەتی پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک کە کێبڕکێی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی جیهان بکەین”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، گوتی: “ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەندمان هەیە، سامانی مرۆیی و سروشتی و ماددیمان زۆرن و ئێمە تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشترمان دەوێت تا بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، هیوادارم چیتر کاتی خۆمان بە دروستکردنی کێشە و ناکۆکی بە فیڕۆ نەدەین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...