هه‌واڵ

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم ئاماری ناڕاست بڵاودەکاتەوە

زێدپرێس

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری ناڕاست لەبارەی ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو و خانەنشینی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، ١٣٨ هەزار و ٩٢ کرێکاری خۆماڵی و بیانی، دەستەبەر کراون، لەکۆی ١٠ هەزار و ٧٥٧ پڕۆژەدا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەسەر زاری مەریوان بەگۆک بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، کابینەی نۆیەم، ٣ هەزار و ٢٦٣ کرێکاری لەسەر سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین کردووە. هەروەها ٥٦ ملیار و ٢٢٦ ملیۆن دیناریش کە پاداشتی ٧ ساڵی ڕابردوو بووە، لەم چوار ساڵە گەڕێندراوەتەوە بۆ کرێکاران.

بەڵام، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زێدپرێس، سەرجەمی ئەو ئامار و داتایانە، هەڵە و ناڕاستن، بەڵکوو ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو و خانەنشینکراو لە سەرەتاوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان پێکدێنێت، نەک تەنیا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا.

بەکۆی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا، ١٣٨ هەزار و ٩٢ کرێکار دەستەبەرکراون و لەو ژمارەیەشدا نزیکەی ٨٤ هەزار کرێکاریان تا ساڵی ٢٠١٩ دەستەبەرکرابوون.

هەروەها، ٣ هەزار و ٢٦٣ کرێکاریش خانەنشینکراون، کە ڕێککەوتی دەستەبەرکردن و خانەنشینکردنی ژمارەیەکیان بۆ پێش حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڵکوو لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەستەبەر و خانەنشینکراون و دواتر دەستەبەری و خانەنشینییەکەیان بۆ سەر حکوومەتی هەرێم گواستراوەتەوە.

بەو شێوەیە، ئەو بڕە پارەیەش وەک پاداشتی کۆتایی ئاماژەی بۆ کراوە، کۆی پاداشتی سەرجەم ساڵانی ڕابردووە تا ئێستا، نەک چەند ساڵێکی دیاریکراو.

لەوەتەی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ٢٠١٢ بەدواوە، پڕۆسەی دەستەبەرکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی باشی بڕیوە، سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی هەن، لە دەستەبەرنەکردنی کرێکارانی ڕۆژانە و بێخاوەنکارەوە، تا دەگات بە دەستەبەرکردنی کرێکاران بە مووچەی کەمتر لە مووچەی ڕاستەقینەیان و چەندان گرفتی دی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...