هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: لەماوەیەکی زوودا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەماوەیەکی زوودا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و ئەمڕۆ و سبەی لیستی ناوی ئەندامانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ئاڕاستەی بەغدا دەکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە ڕایگەیاند، “بەشێک لە مووچەی مانگی ئایار گەیشتووە و لە ماوەیەکی زوودا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، پێموایە کە مووچەی هیچ کەسێک نافەوتێت”.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان گوتی: “ئەگەر ئەمڕۆ لیستی ناوی ئەندامانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق نەکرێت، سبەی لیستەکەیان بەدەست دەگات”.

قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەش کرد کە لێژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکهاتووە.

هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە تەرخانکردنی دارایی بۆ مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی مەدەنی، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، فەرمانبەرانی گرێبەست، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شایستە داراییەکانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی کرد، بەڵام لە ڕاگەیاندنی ناردنی مووچەی مانگی ئایاریشدا، هاوشێوەی مانگی نیسان، مووچەی ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش ڕانەگەیەندرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button