هه‌واڵ

ئێران؛ ژینا مودەڕیس ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان بە ٢١ ساڵ بەندکردن سزادرا

ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان و خەڵکی سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدانی بە سەردا سەپێندرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە، بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵات” سزای ١٠ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتە دژبەرەکان” سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی ڕژێم” سزای ساڵێک بەندکردنی بە سەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی داوە، بە بەکاربردنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی ٢١ ساڵ سزای بەندکران سەپێندراو، قورس ترین سزا واتا ١٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی هەمەدان شیاوی جێبەجێکرانە. پارێزەرانی ژینا مودەڕیس گورجی بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرانبەر بە ئەم سزا قورسەیان تۆمار کردووە و دۆسییەکە بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا نێردراوە.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا هاتووە، بەپێی سزای دەرکراو، نموونەی سزاکانی جێ باسی دژ بە ژینا مودەڕیس “دامەرزاندنی ئەنجوومەنی ژیوانۆ بە ئایدۆلۆژیای فێمینیستی و بە ئامانجی ڕووخاندن”، “بەشداری ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و دەربڕینی دروشمەکانی بنەماشکێنانە”، “پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕش”، “بەشداری لە کۆنفرانسەکان و خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی”، ” بڵاوکردنەوەی دەق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی وڵات و تێکدانی بۆشایی کۆمەڵگا لە قۆناغی هەستیار دوای مردنی ژینا ئەمینی” ناوبردراون.

هەروەها دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هاندانی خەڵک بۆ هەڵسوکەوتی توندوتیژانە”، دادگای تاوانی بۆ بەدواداچوونەوەی بەرپرسیار کردووە و دۆسییەکەی بۆ دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە ناردووە.

ئەو تۆمەتانەی لەلایەن دادگاوە ئاڕاستەی ژینا مودەڕیس کراون، بەپێی ڕاپۆڕتەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بووە.

ژینا مودەڕیس دوای یەک مانگ لە دەستگیرکردنی، لە ژووری تاکەکەسی بەندینخانەی ژنانی سنە بۆ ژووری گشتی گواستراوەتەوە. پێشتر ژینا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە ڕفێندراوە و دوات ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی قورسی پێنج ملیار تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. دواتر جارێکی دیکە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کرا. لە ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...