هه‌واڵ

تورکیا قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

تورکیا جارێکی دیکە قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی درێژکردەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوتەی بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ماوەی قەدەغەکردنەکە بۆ ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ درێژکراوەتەوە.

لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٣دا، تورکیا گەشتەکانی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی داخست و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی تا تەمووزی ساڵەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، تورکیا جارێکی تر ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تا ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ درێژکردەوە.

هەرچەند لەسەروەختی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧دا تورکیا هەمان هەڵوێستی بەرانبەر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی هەبوو، بەڵام ئەمجارەیان سزاکە تەنیا پێوەست بوو بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە.

پێشتر د. ڕێواز فایەق ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، تورکیا بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی مەرجی تایبەتی بۆ یەکێتی هەیە و ئەگەر جێبەجێیان بکات ئەوکات سزاکان هەڵدەگرێت.

شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە کردووە، داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی سلێمانی، جگە لە زیانە ئابوورییەکانی، هەوڵێکیشە لەلایەن تورکیاوە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی زیاتر و پیشاندانی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دوو بەشە و لەیەکتر جیاواز و دژ بە یەکن.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی پێشووی زێدپرێس، لەماوەی ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠٢٢ لانیکەم حەوت کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تورکی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی چالاک بوون.

لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٢، بە تێکڕا ٧١ هەزار و ٨٣٧ جوڵەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەنجامدراوە. ئەو ژمارەیە، ڕێژەی ٣٠٪ی کۆی گشتی جوڵەی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لەو ١٢ ساڵەدا، بە هەشت هەزار و ٧٣٢ گەشتی هاتن و دەرچوون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشداریان کردووە.

ساڵی ٢٠١٩، بەرزترین جوڵەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تۆمار کراوە، بە هەشت هەزار و ٥٣١ گەشتی هاتن و دەرچوون. ئەوە، نزیکە لە ساڵی ٢٠١٦، کە هەشت هەزار و ٤٦٤ گەشتی تێدا کراوە. هەر لەو ساڵەدا، بەرزترین جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی تۆمارکراوە، کە هەزار و ٦١٢ جوڵەی هاتن و دەرچوون بووە و ڕێژەی ١٩٪ی کۆی گەشتەکانی ئەو ساڵەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێکدێنێت.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، بە تێکڕای ساڵەکان بەڕێژەی ١٢٪ بەشداریان لە جوڵەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کردووە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ هیچ کۆمپانیاکی فڕۆکەوانی تورکیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە، جوڵەی نەکردووە و ئەوەش بەهۆکاری سیاسی و بەبڕیاری دەوڵەتی تورکیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...