هه‌واڵ

تیمی “گۆیژە بپارێزە” لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە پەلاماردران

لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە، ڕێگری لە چالاکییەکی کەمپەینی “گۆیژە بپارێزە” کرا و وێڕای ڕێگریی لە ڕووماڵی کەناڵەکانی میدیایی، پەلاماری ڕێکخەرانی چالاکییەکەش درا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەڵوێست کەریم یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە، ڕایگەیاند، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ڕێگری لە چالاکییەکی کەمپەینی “گۆیژە بپارێزە” کرا، کە وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دەستکاریکردنی سروشتی گۆیژە سازکرا بوو.

بەگوتەی ئەو ڕێکخەرەی چالاکییەکە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە، پەلاماری ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە دراوە و ئازاری جەستەیی و دەروونی دراون، جنێویان پێدراوە و دەستیش بەسەر مۆبایلەکانیاندا گیراوە.

هەڵوێست کەریم ئاماژەی بەوەشدا: “ڕێگەیان نەدا هیچ میدیایەک ڕووماڵ بکات و دەستیانگرت بەسەر سەرجەم کەلوپەلەکانیان، ڕێگەیان نەدا بەمۆبایلیش ڕێکۆرد بکەین، و دەستیانبەسەر مێزی چالاکییەکەشدا گرت”.

لای خۆیەوە، سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هەڵسوکەوتەی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کرد بەرانبەر بە پەیامنێرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەشدارانی چالاکییەکە و هەڵسوکەوتەکانیانی بە “پێچەوانەی یاساكانی ڕێكخستنی خۆپیشاندان و ڕۆژنامەگەری” پێناسە کرد.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە لە كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوس پێكهاتوون، لە شاری سلێمانی چالاكییەكی جەماوەری هەمەڕەنگ و هونەری و مۆسیقی و ئەدەبی ئەنجامبدەن، بەمەبەستی وەستان بەرانبەر ئەو دەستدرێژییە ژینگەییانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەكرێتە سەر ژینگەی سروشتی شاخەكە.

میترۆ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: “لەكاتی گەشتنی چالاكوانان بۆ بەردەم پڕۆژەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریان لێكرا، توندوتیژی جەستەییان بەرانبەر كردن و دەستیان گرت بەسەر مۆبایلی هەندێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەكان و وێنەكانیان سڕیوەتەوە. نەیانهێشت  كەناڵەكانی ڕاگەیاندن (ئێن ئارتی، كەی ئێن ئێن، زووم، مایك) ڕووماڵی چالاكییەكە بكەن”.

زیاتر هاتووە: “هێزە ئەمنییەكان بەوەشەوە نەوەستان، هێزێكیان چاودێری ئۆتۆمبێلی چالاكوانەكانی دەكرد تا گەیشتنە ناو پاركی ئازادی، كە بە گەیشتنی بەشداربووان و ڕێكخەرانی ئەو چالاكییە، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیان ڕێكخست”.

لەوبارەیەوە، سەنتەری میترۆ لە زاری پەیامنێرێکی ئامادەی چالاکییەکە ڕایگەیاندووە: “هێزێكی ئەمنی زۆری دەمامكدار و چەك بەدەست تەنیا بەس چاویان دیار بوو لەوێ بوون، ڕێگرییان كرد ڕووماڵ بكەین و مایك و كەلوپەلی ڕۆژنامەوانییەكانیان لێسەندین و كردیانە سەیارەكانی خۆیانەوە. كۆدی مۆبایلەكانیان پێكردینەوە وێنە و ڤیدۆكانیان سڕیوەتەوە و هەڕەشەیان لێكردم هەر ڤیدیۆیەك بڵاوبكەیتەوە بانگت دەكەین بۆ ئاسایش”.

وەک میترۆ دەڵێ: “ئەو هێزە پەلاماری دووچالاكوانیان داوە، ئازاریان پێگەیشتووە و كەوتوونەتە سەر زەوی، پاشان دەستیان بەسەر سەكۆی چالاكوانەكاندا گرتووە و كردوویانەتە سەیارەی هێزە ئەمنییەكان و بردوویانە. دواتر دوای دوو سەعات لە وەستانی ڕۆژنامەنووسان و چاوەڕێكردنیان و بڵاوەپێكردنی چالاكوانان كەلوپەلەكانیان داونەتەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...