هه‌واڵ

هیچ وەبەرهێنێکی بیانی سەرمایەگوزاری لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان نەکردووە

زێدپرێس

 

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا، هیچ وەبەرهێنێکی بیانی، بەشێوەی ڕاستەوخۆ وەبەرهێنانی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و لە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین نەکردووە.

 

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس و پاڵپشت بە داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا، لە ١ی ئابی ٢٠٠٦ەوە تا تەمووزی ٢٠٢٢، کە دەست بە جێبەجێکردنی یاسای وەبەرهێنان کراوە، کۆمپانیا و وەبەرهێنی بیانی بە بڕی زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

 

لەو ماوەیەدا، تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا، بڕی ٦٦ ملیار و ١٥٢ ملیۆن دۆلار بووە؛ ٥٢ ملیار و ٤٦٥ ملیۆن دۆلار سەرمایەی نیشتمانی و ١٠ ملیار دۆلار سەرمایەی بیانی بووە. بەڵام، کۆی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن وەبەرهێنی بیانییەوە ئەنجامدراون، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک چڕبوونەتەوە.

 

بەجۆرێک هیچ وەبەرهێنەرێکی بیانی بە ڕاستەوخۆ سەرمایەگوزاری لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین نەکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونی دەکەنەوە، کە وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە هەموو ئەو پارێزگا و یەکە کارگێڕییە سەربەخۆیانەدا، بەهاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنی خۆماڵی سەرمایەگوزارییان کردووە.

 

وەبەرهێنی بیانی بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنانی خۆماڵی بە گوژمەی ٣ ملیار و ٦٨٤ ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاریان کردووە، کە ڕێژەی ٥.٥٪ی کۆی سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکدێنێت و کەمتر لە نیوەی ئەو پارەیە لە پارێزگای سلێمانی وەبەرهێنانی پێکراوە و دیسان هیچ پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان وەبەرهێنی بیانی و خۆماڵی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین نەبووە.

 

هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی زێدپرێس، هەموو ئەو پڕۆژانەی لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجامدراون، لەلایەن کۆمپانیا و وەبەرهێنی خۆماڵییەوە بووە و بەو شێوەیەش تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێنی بیانی لەماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا، تەنیا لە دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...