ڕۆژئاوای کوردستان نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کورتهێنانی لە بودجەی ئەمساڵ هەیە
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە، داهاتی گشتی هەرێمەکە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٤ بە بڕی ٦٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و خەرجییەکانی بە یەک ملیار و ٥٩ ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە. بەوەش بڕی ٣٩٨ ملیۆن دۆلار کورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵی ئیدارەی خۆسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە.
یاسای بودجەکە لە ٣٧ ماددە پێکهاتووە و خەرجییەکانی بەگوێرەی بوارەکانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن دابەش نەکراوە.
داهاتی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان بە پلەی یەکەم لە فرۆشی نەوت دەستدەکەوێت و بە پلەی دووەم لە گومرگ و پاشان داهاتی باج لە پلەی سێیەمدا.
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان داهاتی ساڵانەی لە فرۆشتنی نەوت ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، لەپاڵ ١٢٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی گومرگەکان و ١٤ ملیۆن دۆلار لە داهاتی باج.