هه‌واڵ

نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دیاری کرا

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەستنیشان کرا و نرخی هەر کیلۆواتێک لە نێوان ٧٢ دینار بۆ ٣٥٠ دینار دەبێت.

 

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکارییەکانی پێوەست بە نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئاشکرا کرد.

بەگوێرەی ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی کردووە، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا بۆ کاتژمێرێک لە نێوان ٧٢ دینار بۆ ٣٥٠ دینار دەبێت، ئەوەش بەگوێرەی بڕی بەکارهێنان دەگۆڕێت و بەشێوەیەکی پلەبەپلەیی نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.

هەورامانی ئاماژەی دا، نزیکەی ٨٠٪ی خەڵک بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە دەتوانن پارەیەکی کەمتر لەو پارەیە بدەن کە تا ئێستا داویانە و ئەوانەیش بەشداری پڕۆژەکە دەکەن لە سێ مانگی یەکەمدا، بەڕێژەی ١٥٪ و ٢٥٪ و ٥٠٪ لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن بە ئامانجی خۆگونجاندن و ڕاهاتن لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدا.

گوتەبێژی حکوومەت باسی لەوەش کرد، بەرنامەی حکوومەت ئەوەیە کە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی ڕووناکی لە ناوەندی تەواوی شارەکان تەواو ببێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button