پاڵاوگە نایاساییەکان نەوتی دزراو ساخ دەکەنەوە
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠١٥ فشاریان خسووەتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و لە ئەنجامی ئەو فشارانەدا، ڕووپێوێکیان کردووە کە لیستی ١٩٠ پاڵاوگەی نایاسایی نەوت و ١٨ کۆگای نایاسایی سووتەمەنیان هێناوەتە پەرلەمان، ئەوکات هەندێکیان داخستووە، بەڵام زۆرینەیان کاری دەکرد.
سۆران عومەر ئاشکرای دەکات کە ئەوکات “بەڕاشکاوی ئاشتی هەورامی گوتی: ئێمە ئیشمان بەو پاڵاوگانەیە و پاڵاوتنمان بۆ دەکەن!”.
زیاتر دەڵێ: “ئەم پاڵاوگانە نەوتی قاچاخ و نەوتی دزراوی سووریا و عێراق و هەرێم دەپاڵێون! ئەوکاتە زۆرترین نەوتیان لە داعـش دەکڕی و دەیانپاڵاوت و لەناوخۆ دەیانفرۆشتەوە”.
دووپاتیشی دەکاتەوە کە پاڵاوگەکان “گەورەترین مەترسین لەسەر خاک و ئاوو تەندروستیمان”.
ئەو لێدوانەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدا دێت، کە حکوومەتی خۆجێی هەولێر ڕایگەیاندووە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پیسکردنی ژینگەی هەولێر بڕیاریان لەسەر داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە دەوروبەری هەولێر دەرکردووە.
لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، چەندین بڕیار بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکوومەتی خۆجێی هەولێر دەرکران، بەڵام هیچ کام لە بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون.
ساڵی ٢٠١٥ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان فەرمانێکی وەزاری دەکرد بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی و وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەکانی ڕاسپارد بە هاوکاریکردن بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، بەڵام بڕیارەکە هەر لەسەر کاغەز و پاڵاوگەکانیش لە شوێنی خۆیان مانەوە.