هه‌واڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم وەڵامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەداتەوە

زێدپرێس

 

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی گوتەبێژەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە ڕایگەیاندبوو بەرزترین ڕێژەی نەخوێندەواری لە پارێزگای دهۆکە، بەبێ ڕەتکردنەوەی لێدوانەکە، چەند ئامارێکی فەرمی ڕادەگەیەنێت، کە دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری لە دهۆک پیشان دەدەن.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

لە لێدوانێکی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵدا هاتووە کە پارێزگای دهۆک، دووهەمین پارێزگایە لە ڕێژەی نەخوێندەواری، پێویست بوو ئەو بەڕێزە شیکاری وردتری پێشکەش بکردایە، بۆ بەرچاوڕوونی ئەم ڕوونکردنەوە گرنگە ڕادەگەیەنین پاڵپشت بە ئاماری فەرمی:

 

ئەو داتایەی کە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق باسی دەکات، شیکاری و بەراوردکاری بۆ نەکردووە، کە بزانێت چ پێشکەوتنێک لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوو ڕویداوە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک، کە هەموو ئامارەکان پاڵپشت بە داتاکانی (دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراق لە ژێر سەرپەرشتی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان) ئەنجامدراون، ئاستی دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری بەڕێژەی سەدی لە هەموو کوردستان زۆر دابەزیوە، بەتایبەتریش پارێزگای دهۆک بەراورد بە ساڵی (٢٠١٢ و ٢٠١٨) کە ڕووپێوی کراوە ڕێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری ڕێژەیەکی بەرچاوە، کە ئەمەش نیشانەی بوونی پلانێکی تۆکمەیە.

ڕێژەی نەخوێندەواری پارێزگای دهۆک لە ساڵی ٢٠١٢ بریتی بوە لە ( ٢٧،٢٪) لەساڵی ٢٠١٨ بریتی بوە لە ( ٢٣،٢٪) لە ساڵی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ( ١٨،٧٪). ئەو داتایانە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن، کە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٨ و ٢٠٢١ بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە، بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو (١٠) ساڵە تا دەگات بەوەی لە ژیاندان بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ڕووپێوی .

 

بۆ بەرچاوڕوونی زیاتریش چەندین ئاماری دیکەش ڕادەگەیەنین

١- ڕێژەی پەیوەندیکردنی قوتابیان بە خوێندنەوە لە ناو هەرێمی کوردستان ، دهۆک دووهەمین پارێزگایە لەپاش هەولێر لە ژمارەی پەیوەندیکردنی قوتابیان بە خوێندنەوە کە بریتیە لە (٣٤١٢٢) قوتابی تا سێ رۆژ پێش ئێستا ناویان تۆمارکراوە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی . کە هەمووان دەزانین دهۆک سێهەم پارێزگایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانە، بەڵام دووهەم بەرزترین ڕێژەی قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمار کردووە.

٢- ڕێژەی گشتیی قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، دهۆک وێڕای ئەوەی سێیەمین پارێزگای هەرێمی کوردستانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵام لە پلەبەندی دووهەمدایە لە ڕووی ژمارەی قوتابیان و خوێندکاران، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئاستی پەیوەندیکردنی بە خوێندن لە بەرزترین ئاستدایە کە ژمارەی قوتابیان لە پارێزگای دهۆک (جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ) وەک لە خشتەکەی لە خوارەوە هاتووە بریتیە لە (٤٣٠٦٩٨) چوار سەد و سی هەزار و شەشسەد و هەشتا و نۆ قوتابی، کە ئەمە دووهەم گەورەترین ژمارەی قوتابییانە لەسەر ئاستی کوردستان.

 

سامان سیوەیلی

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان

٩ی ٩ی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...