دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی تایبەت بە فرەژنی لە هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە
ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی ئابی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق داوایەکی ڕەت کردەوە، کە تیایدا داواکرابوو مادەی یەکەمی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ لە هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، کە هێنانی ژنی دووەم مەرجدار دەکات.
سکاڵاکە لەلایەن سێ پارێزەری کورد بەناوەکانی ئاسۆ هاشم، سەردار شێخانی و موحسین فەرەج تۆمار کرا بوو. بەڵام دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی ڕەتکردەوە، بە هۆکاری ئەوەی مەرجەکانی بەرژەوەندی پێویست لە سکاڵاکەدا بەدی نەهاتووە.
پێشتریش لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٤ لەلایەن پارێزەرێکی دیکەی کوردەوە، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق تۆمار کرا، تایبەت بە نادەستوورییبوونی مادەی یەک لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەرێمی کوردستان، لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤ یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر داواکە بەڕێوەچوو و دادگا بڕیاریدا بە دواخستنی دادبینییەکە بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بەمەستی وردبینی و بڕیاردان لەسەر داواکە، بەڵام پێش دووەم دانیشتنی دادگا، لە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٤، پارێزەرەکە داواکەی خۆی کشاندەوە.
ژنهێنانی دووەم یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانە لە هەرێمی کوردستاندا. بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ساڵی ٢٠٢٣، لەکۆی پێنج هەزار و ٨٥٧ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە پارێزگای هەولێر، ٢٣٩ حالەتی جیابوونەوە، بەهۆی هێنانی ژنی دووەمەوە بووە لەلایەن پیاوانەوە.
لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە هەرێمی کوردستاندا بەراورد بە ساڵی پێشتر هەڵکشاوە و هێنانی ژنی دووەمیش یەکێک لە هۆکارەکان بووە.
هەر بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٨٣ حاڵەتی ڕێپێدان بە ژنهێنانی دووەم تۆمارکراوە؛ هەولێر ٣٤ حاڵەت؛ سلێمانی، ٣٢ حاڵەت؛ لە دهۆک ١٧ حاڵەت و لە سنوری کەرکووک/گەرمیان هیچ حاڵەتێکی رێپێدان بە ژنهێنانی دووەم تۆمار نەکراوە.