هه‌واڵ

لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٦ی ئازاری ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیدا، کە بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

پێشتر ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند بوو، هەموو ئامادەسازییەکانیان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوویان ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

وەزیری دارایی و ئابووری هەروەها ڕایگەیاند: “هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان“.

ڕۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر سکاڵای تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکەیش حکوومەتی عێراق پابەندکراوە بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵی، دەبێت حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی لقی بانکەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و هەروەها نابێت شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک قەرز لەسەر هەرێم حیساب بکرێن.

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، لەم مانگەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەما و بەگوێرەی ناردنی لیستی مووچە لە هەرێمی کوردستانەوە، دابین دەکرێت و لە مانگەکانی داهاتووشدا لەسەر بنەمای ڕێکخستنەوە و بەنیشتمانیکردنی پڕۆسەکە دابەش دەکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...