هه‌واڵ

کوێستان محەمەد: بەغدا هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی وەزارەتەکەمان نییە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەیان زۆر شەفافە و بەغدا هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستەکە نییە، جگە لە هەبوونی ٩٠٠ ناوی دووبارە لە لیستی کەمئەنداماندا کە لە هەولێر و بەغدایش مووچە وەردەگرن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی پێوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەیان و زیادکردنی لیستی ناوی کەمئەندامانی نوێ و چەند پرسی دیکە، پێشنیازیان کردووە، شاندێکی وەزارەتەکەیان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکوومەتی عێراق کۆببنەوە، بەڵام لایەنی عێراقی بەرنامەیەکی دیکەیان داڕشتووە، لەسەر ئەو بنەمایەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بابەتی دارایی لە هەردوو وەزارەت کۆببنەوە.

بەگوتەی وەزیری کار، وەک ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە، لایەنی عێراقی داوای ئاڕاستەکردنی داواکارییەکانیان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە: “پێمان ڕاگەیاندوون پێویستمان بەوەیە ٣٠ هەزار کەمئەندامی نوێمان بۆ تۆمار بکەن، مووچەی کەمئەندامان هاوتا بکرێت، پارەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی خەرج بکرێتەوە، داواکارییەکانیان وەرگرتووە و بڕیارە لە داهاتوودا نزیکدا کۆبوونەوەکە بکرێت”، کوێستان محەمەد وای گوت.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی تێبینی لەلایەن وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە لیستی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەن، کوێستان محەمەد ڕایگەیاند: “هیچ تێبینییەک لەسەر لیستی مووچەی وەزارەتی کار نییە و هەموو ئەو قسانەی دەکرێن، ڕەت دەکەینەوە، تەنیا ئەوەی پێوەست بە وەزارەتەکەمان هەیە، پێیان گوتووین لێبڕینی ڕێکەی ٧٪ی خانەنشینی بکەن بە ١٠٪ و لیستەکانمان بۆ بنێرنەوە، کردوومانە و ناردوومانەتەوە”.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئاشکرای کرد، دوو مووچەیی لە لیستی کەمئەنداماندا هەیە، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق مووچە وەردەگرن، ئەوەیش بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانن و ژمارەیان نزیکەی ٩٠٠ کەس دەبێت. گوتیشی: “کێشەکە تەنیا لای ئێمە نییە و لای عێراقیشە: “ئەی عێراق بۆچی مووچەی پێداون، لەکاتێکدا لای ئێمە مووچەیان هەیە؟”.

زیاتر گوتی: “ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین ئەو گرفتە چارەسەر بکەین. گرفتەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نە ئێمە لیستی عێراقمان لابووە و نە ئەوان لیستی ئێمەیان لابووە، تا بزانرێت ناوی دووبارە هەیە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button