هه‌واڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی: نە هیچ ناوێک بۆ لیستی مووچە زیاد کراوە و نە داوای لابردنی ناویش کراوە

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لە زیادکردنی ٣٠ هەزار ناو بۆ سەر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن ڕاست نین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سیپان شێروانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند، دەنگۆی زیادکردنی ناوی ٣٠ هەزار کەس لە لیستی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاست نییە.

لێدوانەکەی شێروانی، دوای ئەوە دێت، هەواڵی ئەوە لە کەناڵێکی میدیایی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ٣٠ هەزار ناوی نوێ خراوەتە سەر لیستی مووچەی ئەم مانگە، بەڵام لەژێر گوشاری بەغدا، ناچاربوون بە لابردنی ناوەکان و دووبارە ناردنەوەی لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زانیارییانە ڕاست نین: “نە حکوومەتی هەرێم ناوی زیادکردووە، نە وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لابردنی ناوی کردووە”.

پەرلەمانتارەکە، باسی لەوە کرد، بۆ ساخکردنەوەی دەنگۆکە، پەیوەندییان بە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، هەواڵەکە ڕاست نییە.

سیپان شێروانی، ئاماژەی دا: “یاریکردن بەهەستی مووچەخۆرانی کوردستان لەو تاوانەی وەزارەتی دارایی عیراق گەورەترە کە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی ناردنی مووچەی ڕاگرتووە”.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی مانگی ئاب، هێشتا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دواکۆبوونەوەی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەوەی لە بەغداوە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت  “جیاکاری”یە و “هیچ پاساوێکی نییە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button