هه‌واڵ

مەسرور بارزانی ناوەڕۆکی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەخاتەڕوو

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستکردن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەگەیەنێت.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو.

لە سەرەتای قسەکانیدا، سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد، لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، دووچاری بوون.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی خستەڕوو، بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەستکردن بە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری ئەمساڵ.

مەسرور بارزانی، هەروەها لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی خستەڕوو، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و لە “بەرژەوەندی هاووڵاتیان” دەرکراون.

 

دەقی لێدوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتییانی خۆشەویست

 

هەر وەک چۆن دوێنێ بەڵێنمان پێدان کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەندێک بڕیار لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بدەین، ئەمڕۆ دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم، وێرای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان، پێتان دەڵێم کە ئێمە بڕیارمان داوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە کە ئەوان دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش. ئێمە حکومەتی فیدراڵیی لە بەغدا دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستووری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێ بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان.

 

ئەو ئەرکەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە هەموومان جێەجێ کردووە، بە سوپاسەوە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە مەعنییەکان هەموو کاری پێویستییان کردووە بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارەکان بگرنەبەر و هەموو ئەو بیانوویانەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنراون هەموویان نەهێڵن و ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە کردوومانە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی مووچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت.

 

هەروەها لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ئێمە هەندێک بڕیاری ترمان لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارە قورسە ناهەموارە ئابوورییەی کە کەوتووەتە سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تۆزێک بۆیان سووک بکەینەوە. بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

 

داوامان کردووە داشکاندن بکرێت لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%. ئێمە وەزارەتە مەعنییەکانمان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ئەمە بکەن هەروەها بۆ داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ) و داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت و هەروەها داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان. هەروەها لێخۆشبوونی سزا لە داوکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی و ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20% و داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە ڕێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

 

هیوادارم  ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر و بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.

 

ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین.

 

ئێوە هەر شاد و سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...