زانکۆلاین پێنج رۆژ درێژکرایەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت: لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تاکوو ئێستا فۆڕمی (زانکۆلاین) یان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەی زانکۆلاین بۆ پێنج رۆژی دیکە واتە تاکو سەعات (١٢)ی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ڕێکەوتی (2024/10/5) بۆ دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئاماەیی درێژبکرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیدەگەیەنێت لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە، ئێستا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆڕمی زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوەیە لەم ماوەیەدا دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو پێنج ڕۆژەدا دەرچووانی هەردوو خولی یەکەم و دووەم فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کردووە، تاکوو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم ٧١٪ی دەرچووانی ئەمساڵ داواکارییان لە ڕێگەی زانکۆلاین پێشکەش کردووە، واتە ٣٩ هەزار دەرچووی ئەمساڵ و شەش هەزار دەرچووی ساڵانی پێشوو تاکوو ئێستا داواکارییان پێشکەش کردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دوپاتیشیدەکاتەوە: ئەمە دواین دەرفەتەو چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمی زانکۆلاین یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەی ئەو پێنج رۆژەدا پەلەبکەن و تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنی فۆرمی زانکۆلاین.