هه‌واڵ

د. نەهلە ئەفەندی: ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو لێدوانانەی لەلایەن ھەندێک پەرلەمانتارەوە دەدرێن بەوەی چیتر پارە لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان ناکرێت، ھیچ بنەمایەکیان نییە و دەشڵێ، تا ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە مانگانە ٦١٨ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێم دەکرێت بۆ دابەشکردنی مووچە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

د. نەھلە ئەفەندی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند: “ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق خێر و منەت نییە، بەڵکو مافێکی یاسایی و دەستووری خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە مانگانە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانە بکات، پێویستە ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکە بەردەوام بێت ھەتا یاسایی بودجەی گشتی عێراق ھەموار دەکرێتەوە، چونکە ھەردوو حکوومەت لەسەر ناردنی پارەکە ڕێککەوتوون”.

زیاتر دەڵێ: “ھیچ پەرلەمانتارێک بۆی نییە قسە لەسەر ڕێگرییەکانی ناردنی پارە لە بەغداوە بکات بۆ ھەرێمی کوردستان، ھاووڵاتییان و فەرمانبەرانی ھەرێم دڵنیا دەکەینەوە تا ھەموارکردنەوەی یاسایی بودجە مانگانە پارە لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە”.

د. نەھلە ئەفەندی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “حکوومەتی ھەرێم و پەرلەمانتارانی کورد بەردەوامن لەسەر زامنکردنی مافە داراییەکانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و بڕیارە بەپێی ڕێککەوتنی ھەردوو حکوومەت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی ھەموارکردنی یاسای بودجە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، ئەو لێدوانانەی لەلایەن ھەندێک پەرلەمانتارەوە دەدرێن گوایە ڕێگر دەبن لەبەردەم ناردنی پارە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم ھیچ بنەمایەکی نییە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...