
ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین، ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی کۆچی گەنجان لە دەڤەرەکەیان دەستی پێکردووەتەوە و تەنیا شەوی ڕابردوو ٧٠ گەنج لە قەڵادزێ بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.
قسەکەری ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ئاماژەدان بەو شەپۆلە نوێیەی کۆچی گەنجان لە دەڤەرەکەدا، ئاشکرای کرد، مانگانە لە نێوان ٣٠٠ تا ٤٠٠ گەنج لە ڕێگەی لیبیاوە کۆچ دەکەن و تەنیا شەوی ڕابردوو ٧٠ گەنج لە قەڵادزێ کۆچیان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، چەند کەسێکی دیاریکراو سەرپەرشتی کۆچە نایاساییەکە دەکەن بە ڕێگای لیبیادا و ئەو ڕێگەیەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە.
قسەکەری ڕێکخراوەکە، پاڵپشت بەو زانیارییانەی لە یەکێک لە قاچاخچییەکانی سنوورەکە دەستیان کەوتووە، گوتی: “بە قسەی ئەو قاچاخچییە لەم هەفتەیەدا ١٥٠ گەنج لە قەڵادزێ بەرەو هەندەران کۆچ دەکەن”.
ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین، ڕەخنە و نیگەرانی بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەوەی حکوومەت دەڤەرەکەیانی “پشتگوێخستووە” و ئەوەش هۆکاری هەڵکشانی کۆچی گەنجانە بۆ دەرەوە.



