ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و دۆخی دارایی کۆدەبێتەوە
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم، ٢١ی ئابی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد، گفتوگۆ لەسەر چاودێری دارایی و دۆخی دارایی و کاری هەردوو دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدا دێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و وربینی لە داهات و خەرجییەکانی سێ مانگی دووەمی هەرێمی کوردستان دەکات.
پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی دا، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا و بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، هەڵوەستە لەسەر هەماهەنگی نێوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان دەکرێت. لەکاتێکدا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان پێشتر لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق هەڵوەشێنراوەتەوە.
بەگوتەی پێشەوا هەورامانی، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی ئەو دۆسیەیە، دەخرێتە ڕوو.