هه‌واڵ

هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانەکەی سنووری وەرتێ کوژرا

هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانەکەی سنووری وەرتێ بە گولەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کوژرا و سێ هاووڵاتی دیکەیش بریندار بوون.

 

شەوی ١٣/١٤ی تەمووزی ٢٠٢٥، ژمارەیەک لە دانیشتووانی سنووری ناحیەی وەرتێ و باڵەکایەتی، لە سەر پردی حافیز لە ڕێگەی هامڵتۆن، لە بەرانبەر نەبوونی کارەبا، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و ڕێگەکەیان گرت.

 

هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گەیشتنە شوێنەکە و تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد. بەگوێرەی چەندین وێنە و ڤیدیۆی تایبەت کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گیراون و دەست زێدپرێس کەوتوون، لەناو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکاندا، پەلاماردانی خۆپیشاندەران بەڕوونی دەرکەوتووە.

 

لەئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەدا، هاووڵاتییەکی سنوورەکە بەناوی “حەسەن ڕەحمان” بە گولەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکە کوژرا.

 

کەسوکاری قوربانییەکە و ژمارەیەک لە دانیشتووانی دەڤەرەکە، بەناوی ئەنجوومەنی باڵەکایەتییەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ساز کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە بکوژەکە ناسراوە و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزوویی لێپچینەوە نەکەن و تاوانبار ڕادەست نەکرێت، ئەوان بە ڕێگەی خۆیان “تۆڵە” دەکەنەوە.

 

دوای ڕۆژێک لە ڕووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: “بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییان لە سنوری ناحیەی وەرتی/ ئیدارەی سۆران، لە ئەنجامی گرژیدا هاووڵاتییەک بەناوی حەسەن ڕەحمان بووەتە قوربانی”.

 

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ: “دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی”.

 

وەزارەتەکە هاووڵاتییان و کەسوکاری قوربانییەکە دڵنیا دەکاتەوە کە “مافی هەموو لایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگا ڕێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button