هه‌واڵ

“سەرجەم گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران چەککران”

زێدپرێس

 

لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێران، چەککردنی تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی دژبە ئێران و چۆڵکردنی بارەگاکانیان لە نزیک سنورەکانی ئێران ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ سێشەم، ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی، دوا بەدوای کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی پلاسخارت وەک نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لێژنەکە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەسەر بنەمای پابەندبوونی کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەمنی و لە ڕێگەی هەوڵە هاوبەشەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، بارەگاکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە نزیک لە سنورەکانی وڵاتەکە، بەشێوەیەکی هەمیشەیی چۆڵکران و بۆ شوێنێکی دوور لە سنور گواسترانەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، گرووپە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان چەککراون، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی بە پەنابەر هەژمار بکرێن، ئەوەش بەپێی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران.

زیاتر لەوەش لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی سنووری عێراق لەو ناوچانە جێگیرکران و ئاڵای عێراق لە جێگەیان هەڵکرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەشداری کۆبوونەوەکانی لە هەولێر و بەغدا کردووە، پاڵپشتی تەواوی بۆ حکوومەتی عێراق دەربڕیوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە.

“عێراق دووپاتی دەکاتەوە، کە ئاسایشی سنوورەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتە و ئەم ڕێککەوتنە ئاماژەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک یان پێشێلکارییەک کە ڕووبدات”، ڕاگەیەنراوەکە وا دەڵێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا دووپاتکراوەتەوە، ئەوەی بە دوورخستنەوەی ئەو گرووپانە لە تونێل و ئەشکەوت و پەناگەکانی نزیک سنوور و دوورخستنەوەیان لێی بەدەست هاتووە، هەنگاوێکی گرنگ و گەورەیە و پێویستی بە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی هەیە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...