هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و وەبەرهێنانی نەوت ڕاگیرا

بەیانی ئەمڕۆ سێشەم، هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە ڕاگیرا.
لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، کۆگایەکی کێڵگەکە تەقییەوە.
دوا بەدوای ڕووداوەکە، کۆمپانیای کەی ئێچ ئێنی سەرکاری کێڵگە نەوتییەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە کردەوە، ئەوەش وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی کرێکارەکانیان.
هاوکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، “لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک. هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە.”
ئەم هێرشە دوای ئەو هێرشەی دوێنێ ئێوارەوە دێت کە لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: “ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانە و شەرمەزار دەکەین”.
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، کەوتووەتە سنووری شارەدێیەکانی سەرسەنگ و چەمانکێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەدووری ٣٠ تا ٣٥کم لە ناوەندی دهۆک هەڵکەوتووە. ئەوە یەکەمجارە ئەو کێڵگەیە بە ئامانج دەگیرێت و پێشهاتێکی نوێیە ڕوودەدات.



