هه‌واڵ

فەڕەنسا هەر خۆپیشاندانێکی بۆ پاڵپشتی لە فەڵەستین قەدەغە کرد

زێدپرێس

 

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا هەموو خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەڵەستینی لەو وڵاتە قەدەغە کرد.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئاژانسی (BBC) ڕایگەیاند، جیراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، لە ڕێگەی بەیانێکەوە فەرمانی داوە، ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی کە یاساکان دەشکێنن “بەشێوەیەکی سیستماتیک” دیپۆرت بکرێنەوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە حکوومەتەکانی ئەوروپا ترسیان لە هەڵکشانی شەپۆڵی دژەجوو هەیە،  کە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە دەستیپێکردووە.

دوێنێ پێنجشەم ١٢ی تشرینی یەکەم، لایەنگرانی فەڵەستین خۆپیشاندانێکی بەرفرەوانیان لە پاریس سازکرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە، بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێکرا و سەرچاوە میدیاییەکانیش باس لە دەستگیرکردنی ١٠ خۆپیشاندەر دەکەن.

خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەڵەستین، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەڵەستینەوە، دروشمی “مەرگ بۆ ئیسرائیل” و “سەرکەوتن بۆ فەڵەستین”یان دەگوتەوە.

پێشتر پۆلیسی ئەڵمانیا خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەڵەستینی لە بەرلین هەڵوەشاندەوە.

لە گوتارێکی ڤیدیۆیدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا داوای لە گەلی فەڕەنسا کرد، بە یەکگرتوویی بمێننەوە و گوتی “با دابەشبوونی نیشتمانی بۆ دابەشکارییە نێودەوڵەتییەکان زیاد نەکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشە بەرفرەوانەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلییەکان لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا، ١٣ هاووڵاتی فەڕەنسی گیانیان لەدەستداوە و لەکۆی ١٧ کەسی دیکە کە بێسەروشوێن بوون، چواریان منداڵ بوون.

ماکرۆن، بزووتنەوەی حەماسی بە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” ناوبرد کە “خوازیاری مەرگی گەلی ئیسرائیلە”.

فەڕەنسا کۆمەڵگەیەکی جووی نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسی هەیە، کە گەورەترین کۆمەڵگەیە لە ئەوروپا. هەروەها کۆمەڵگەی موسڵمانی فەرەنسا لە گەورەترین کۆمەڵگەی ئەوروپادایە – بە پێنج ملیۆن دەخەمڵێندرێت.

هەروەها وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، پارێزگارەکانی ناوچەکەی ئاگادارکردووەتەوە، کە پێویستە قوتابخانە و پەرستگاکانی جووەکان لەلایەن پۆلیسەوە بپارێزرێن.

بەگوتەی ئەو، لە ڕۆژی شەممەوە ١٠٠ کردەوەی دژەجوو تۆمارکراوە، زۆرینەیان دروشم و هوتافکێشانی “مەرگ بۆ جووەکان” لەخۆدەگرن و هاوکات کەسانێکیش دەستگیرکراون، کە هەوڵی هەڵکوتانە سەر قوتابخانە و پەرستگاکانیان داوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...