وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن واژۆ کرد

وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرین واژۆ کرد.
ئەمڕۆ سێشەم، ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٥، وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، گرێبەستێکی نەوتییان لەگەڵ کۆمپانیای کەی ئێچ ئێنی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین واژۆ کردووە.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئێستا بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکە لە نێوان ٢٠ تا ٢٥ هەزار بەرمیلە و گرێبەستەکە پەرە بە بەرهەمی کێڵگەکە دەدات.
واژۆکردنی ئەو گرێبەستە و ڕاگەیاندنی گرێبەستەکە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، پاش چەند کاتژمێرێک لە هێرشێک درۆنی دێت بۆ سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، کە لەلایەن کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبردرێت و بەهۆی ئەو هێرشەیشەوە، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن وەبەرهێنانی نەوتی لە کێڵگەکە ڕاگرت.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمریکی، یەکێک لەو دوو کۆمپانیایە بوو، کە پێش دوو مانگ و لە دوا سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، گرێبەستێکی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم واژۆ کرد بەمەبەستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستاندا.
واژۆکردن و ڕاگەیاندنی گرێبەستەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی لایەنی عێراقی لێ کەوتەوە و هەندێک لە چاودێرانی ناوخۆیی، پێیان وا بوو، ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، کاردانەوەیەکە بەرانبەر ئەو گرێبەستە.



