هه‌واڵ

وەبەرهێنان: فەڕەنسا گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵی لە کوردستان ئەنجام دەدات

زێدپرێس

دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەن فەڕەنسا و لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دەستەی وەبەرهێنان، ڕۆژی ٨ی ئابی ٢٠٢٣، د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەکە لەگەڵ ڕودولف ڕیشارد جێگری کونسڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کۆبوونەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەرپرسی بەشی ئابووری کونسڵخانەی فەڕەنسا و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سیرسیزی فەڕەنسی ئامادەی بوون، باس لە ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی تایبەت بە چاندنی دار و درەخت و کردنەوەی نەمامگەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە لە سنووری پارێزگای هەولێر کراوە.

بەپێی دەستەی وەبەرهێنان، پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری ٢٥ دۆنم زەوی و لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠٠ جۆر لە دار و درەخت، کە ٦٠٠ هەزار شتڵ و دار و درەخت لەخۆدەگرێت، دەچێندرێت.

وەک ئەوەی دەستەی وەبەرهێنان دەیڵێ، “بەوەش دەبێتە مەزنترین پڕۆژەی کشتوکاڵی کە هەزاران دەرفەتی کار بۆ جووتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت”.

دەستەی وەبەرهێنان بڵاوی کردووەتەوە، (پالمێر) ناوی پڕۆژەکەیە، کە لە هەریەک لە وڵاتانی مۆریتانیا، سەنیگال، مەغریب، ساحل عاج جێبەجێ کراوە.

“لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە ڕێکارەکانی ئەنجامدانی پڕۆژەکە دەکرێت و بە تەواوبوونیشی دەبێتە گەورەترین پڕۆژە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، دەستەی وەبەرهێنان وا دەڵێت.

یاسای دەستەی وەبەرهێنان لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٦ەوە لە هەرێمی کوردستان پەسندکراوە و ئەرکی جێبەجێکردنی یاسایەکە و مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان بە دەستەی وەبەرهێنان سپێردراوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە دەستەی وەبەرهێنانەوە دەست زێدپرێس کەوتوون، لە ١ی ئابی ٢٠٠٦ەوە تا ٧ی تەمووزی ساڵی ڕابردوو، هەزار و ٥٧ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە ٦٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێدراوە. لەو ژمارەیەدا، تەنیا ٣٦ پڕۆژە لە بواری کشتوکاڵیدا بوون، بە گوژمەی سەرووی یەک ملیار دۆلار و بەو پێیەش، تێکڕای سەرمایەگوزاری لە بواری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا، تەنیا (١.٥٤٪)ی کۆی گشتی سەرمایەی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستاندا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...