ئەمریکا بۆ سوودانی: بەردەوامی بە خەرجکردنی مووچە بدرێ و نەوت هەناردە بکرێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفونی لە نێوان مارک ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا کرد.
پەیوەندییە تەلەفونییەکە، دوێنێ سێشەم، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥ ئەنجامدراوە. ڕۆبیۆ پەیوەندی بە سوودانییەوە کردووە و دەربارەی هێرشەکانی ئەمدواییە بۆ سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، لە ناویشیاندا ئەوانەی لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە خراونەتە کار و جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە کرد لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە لەوانەی ئەم کارانەیان ئەنجامداوە و ڕێگرتن لە ئەنجامدانی ھێرش لە داھاتوودا.
ڕۆبیۆ، پێداگیری کرد لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نێوان عێراق و تورکیا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی گەورەی ئەمریکای دەربڕی بەرانبەر یاسای حەشدی شەعبی کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە و دووپاتی کردەوە کە دەرکردنی یاسای لەم جۆرە دەبێتە بە دامەزراوەییکردنی دەسەڵاتی ئێران و گرووپە تێرۆریستە چەکدارەکان و لاوازکردنی سەروەریی عێراق.



