ههواڵ
دادگای فیدڕاڵی سێ سکاڵای پێوەست بە مووچە و پڕۆژەی ڕووناکی ڕەت کردنەوە

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، سێ سکاڵای پێوەست بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پڕۆژەی ڕووناکی ڕەت کردنەوە.
ئەمڕۆ دووشەم، ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر دوو سکاڵای پێوەست بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و سکاڵایەکی پێوەست بە نرخی پڕۆژەی ڕووناکی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سکاڵاکاران داوایان دەکرد، کە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان نەکرێت و دوایین بڕیاری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقیش پێوەست بە مووچە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام هەردوو سکاڵاکە لەلایەن دادگاوە ڕەتکرانەوە، بە هۆکاری ئەوەی لە “تایبەتمەندیی دادگا”کە نییە.
هەرچی پێوەندی بەو سکاڵایەوە هەبوو، کە بە دژی پڕۆژەی ڕووناکی (کارەبای ٢٤ کاتژمێری) لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا بوو، بەهەمان شێوە لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە ڕەتکرایەوە، بە هەمان هۆکاری ئەوەی کە داواکە لە تایبەتمەندی دادگاکەدا نییە.



