ههواڵ
ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی پرسی نەوت و مووچە کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەم، 30ی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاوتوێ دەكات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکە، لە بڕگەی یەكەمدا بەدواداچوون بۆ دواهەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی حوزەیران و تەممووزی 2025 دەکرێت.
لە بڕگەی دووەمدا بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، لەبەر ڕۆشنایی دوابڕیاری هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵ تاوتوێ دەکرێت.
حکوومەتی هەرێم ئاماژەی داوە، کە لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەشدا، چەند پێشنیارێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی پێشمەرگە و مووچە و شایستە داراییەکانیان، گفتوگۆ دەکرێت.



