هه‌واڵ

وەزارەتی داد مامەڵەی “معقب”ەکانی قەدەغە کرد

زێدپرێس

بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی داد، لەمەودوا “معقب”ەکان بۆیان نییە، مامەڵە لە وەزارەتى داد و بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەڕێوە ببەن.

وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا، بە ژمارە ٤٣٥٢/٢٠ی ڕێککەوتی ٨ی ئابی ٢٠٢٣، کە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی شورا، سەرۆکایەتی دەستەی سەرپەرشتیاری دادی، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری خانووبەرە و فەرمانگەکانی دادی کردووە، گشتاندنی بۆ ناوەڕۆکی نووسراوێکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کردووە، بەمەبەستی قەدەغەکردنی مامەڵەی “معقب”ەکان لە وەزارەتی داد و دەزگاکانی سەر بە وەزارەتەکە و بەو جۆرەیش دەبێت لەمەودوا خاوەن مامەڵەکان خۆیان مامەڵەکانیان بەڕێوە ببەن یان لەڕێگەی بریکارەوە کارەکانیان ڕایی بکەن.

لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان نووسراوێکی بۆ وەزارەتی داد بەرزکردبووەوە و تیایدا داوای کارکردنی کەسانێک بەناوی “معقب”ەوە دەکات.

سەندیکای پارێزەران ئاماژەی بەوە کردووە، ماوەیەکە کەسانێک بەناوی معقبەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ناونیشانێکی یاساییان هەبێت و ڕێگەپێدراوبن، کاری ڕاستاندنی بەڵگەنامەکان بۆ هاووڵاتیان دەکەن لە بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی وەزارەتی داد، بەبێ ئەوەی خزمایەتی پلە یەکیان لەگەڵ هاووڵاتییەکان هەبێت و ئەوەش پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە.

سەندیکای پارێزەران باسی لەوەش کردووە، بۆ جگە لە پارێزەر نییە کە بریکارنامە لە هاووڵاتیان وەربگرێت بەمەبەستی بەدواداچوون و ڕاپەڕاندنی مامەڵە و پەڕاوە یاساییەکان و لەسەر ئەو بنەمایەش کاری “معقب”ەکان بە پێچەوانەی یاسا دادەنرێت.

وەزارەتی داد، لە گشتاندنەکەیدا، نووسراوەکەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانی هاوپێچ کردووە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...