ههواڵ
نوێنەری هەرێم لە ژووری ئۆپەرسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لابردرا

لیوا عەبدولخالق تەلعەت نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە پۆستەکەی لابردرا و عەمید عەبدولستار زێباری خرایە شوێنەکەی.
بەگوێرەی فەرمانێکی کارگێڕی کە بە ژمارە ٣٤١٥ی ڕێککەوتی ٥ی ئابی ٢٠٢٥ لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەرچووە، پاڵپشت بە فەرمانێکی وەزارتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، ئاماژەی کردووە بە بڕیاری لابردنی لیوا عەبدولخالق تەلعەت لە پۆستی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و دانانی عەمید عەبدولستار یاسین ساڵح زێباری لە شوێنەکەی.
عەمید عەبدولستار زێباری، پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بوو.
نووسراوەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لابردنی لیوا عەبدولخالق تەلعەت لە پۆستەکەی، بەهۆی خانەنشینبوون و تەواوبوونی تەمەنی یاساییەوەیە.




