هه‌واڵ

لە هەولێر پیاوێک بەتۆمەتی سیحر و جادوو دەستگیرکرا

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بەتۆمەتی ئەنجامدانی سیحر و جادوو ڕادەگەیەنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕایگەیاند، ‎دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارێکیان بەناوی (ڕ. ح. م) بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیحر و جادوو دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی ئاسایشی هەولێر، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، کە “چەندین ئافرەتی فریوداوە و دەستدرێژی کردۆتە سەریان و بۆ مەرامی خۆی به كاريانی هێناوە و سوودی مادديان لێ وەردەگرێت”.

ئاسایشی هەولێر، دەڵێ، بە بڕیاری دادوەر پشکنین بۆ ماڵەکەشی کراوە و لەماڵەکەیدا دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی جۆراوجۆر و ئەندامی لاشەی ئاژەڵی کێویدا گرتووە، کە بەکاری هێناوە بۆ سیحر و جادووکردن.

ئاسایشی هەولێر، ‎ بەتایبەت داوا لە ئافرەتان دەکات کە “خۆیان بەدوور بگرن لەم جۆرە کەسانە و پەنایان بۆ نەبەن و باوەڕیان پێ نەکەن، چونکە ئەم جۆرە کەسانە دەبنە مایەی کێشە و هەڕەشە بۆسەر خۆیان و خانەوادەکەشیان”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، کە هەر کەسێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە هەیە، بەڕێگای دادگا دەتوانێت سکاڵای لەسەر تۆمار بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...