
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەم، ١٨ی ئابی ٢٠٢٥ لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، کە لێژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان، بڕی یەک تۆن و ٨٧٥ کیلۆ و ٦٤٦ گرام ماددەی هۆشبەری جۆراورجۆر بە سێ قۆناغی جیاجیا لەناودەبات.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیکردووەتەوە، ڕێککەوتی ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکەیان بەڕێوەبردووە، کە خۆی لە سووتاندن و لەناوبردنی ٦٤٠ کیلۆ و ٥٤٧ گرام مادەی هۆشبەر دەبینیەوە.
ماددە لەناوبردراوەکان لە جۆرەکانی “کریستاڵ، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانا، جامایکا، حەب و دەرمانی پزیشکی جۆراوجۆر و کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر) پێکهاتبوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرجەم ئەو ماددە هۆشبەرانە، لەماوەی ڕابردوودا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و دۆسیەکانیان لەلایەن دادگەوە یەکلاکراونەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە.



