سەرۆکایەتی هەرێم: پێویستە كێشه و ناكۆكییهكان دوور له توندوتیژی یهكلایی بكرێنهوه

ئەمڕۆ هەینی، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: “دوابەدوای ڕووداوه نهخوازراوهکەی بهرهبهیانی ئهمڕۆی سلێمانی كه بهداخهوه ژمارهیهك قوربانیی لێكهوتهوه، جهخت له سهروهریی یاسا و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی شار و پاراستنی سهر و ماڵی هاووڵاتییان دهكهینهوه”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، گەمارۆی باڵەخانەی هۆتێل لالەزاریان دا، دوای ئەوەی فەرمانی گرتنی لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە ڕاگەیەندرا، لە بەرانبەردا لاهوور شێخ جەنگی لە ڕێگەی لێدوانی ڕۆژنامەوانی و پەیامی ڤیدیۆییەوە، پێداگیری لەسەر ئەوە کرد، خۆی ڕادەست ناکات و بەو جۆرەیش شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی شارەکە و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی ڕوویدا.
دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە، هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، ڕێبوار حامید حاجی غالی و دەیان لە ئەندامانی هێزی دووپشکی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی، کە لەناو باڵەخانەی لالەزار بوون دەستگیر کران و چەند کەسێکیش لە هەردوولا کوژران.
سەرۆکایەتی هەرێم جەختی کردووەتەوە کە “پێویستە سەرجەم كێشه و ناكۆكییهكان به یاسا و دوور له توندوتیژی یهكلایی بكرێنهوه”.
هاوكات، لە پەیامەکەدا سهرهخۆشی له خێزان و كهسوكاری سەرجەم قوربانییەكان دەكات و هیوای زوو چاكبوونهوه بۆ برینداران خواستووە.



