هه‌واڵ
ئاراستەکان

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت: هێزەکانی یەکێتی هێرشی سەر لالەزاریان ئەنجامداوە

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکەی سەر لالەزار لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە ئەنجامدراوە و سەرۆکایەتی حکوومەت تا دوا ساتی پەلاماردان ئاگادار نەبووە.

 

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی دا: “هێرشی دوێنێ شەوی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی ینک ئەنجام دراوە و کێشەیەکی نێوان ینک و بەرەی گەل بووە و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم ئاگادار نەبووە تا دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلامار دان”.

 

ئەو ڕاگەیەندراوەی نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت دوای ئەوە دێت، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی گەمارۆی هۆتێل لالەزاریان دا، کە شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەلە و داوای خۆڕادەستکردنی ناوبراویان کرد.

 

بەهۆی ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی ئامادەی خۆڕادەستکردن نەبوو، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لەناو باڵەخانەی هۆتێل لالەزار ڕوویدا، دوای نزیکەی یان زیاتر لە کاتژمێر شەڕ و پێکدادان، لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانی دەستگیر کران، لەپاڵ سەرجەم چەکدارەکانی ناو باڵەخانەکە.

 

نووسینگەی مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوە کردووە: “سەرەڕای هەوڵی زۆری سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادان ڕوو نەدات، بەڵام زۆر بە داخەوە هێرشەکە ئەنجام درا و کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە”.

 

بەگوێرەی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی، سێ کارمەندی دەزگا ئەمنییەکان لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و چەندانی دیکەیش بریندار بوون، بەڵام زانیاری ورد لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندار لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی نییە، سەرەڕای ئەوەی پۆڵاد شێخ جەنگی برای لاهوور شێخ جەنگی بریندار بووە و دوای دەستگیرکردنی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

 

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: “زۆر نیگەران و دڵگرانین بەو ڕووداوە و ئێستاش، پێویستە یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حزبی و توندوتیژی و چیتر شەڕ و ئاژاوە، سەقاگیری هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button