ههواڵ
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژانی سێشەم و چوارشەم مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆ دابەش دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، سبەی سێشەم، ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە، مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێم دابەش دەکرێت.
هاوکات ڕۆژی چوارشەم لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت، کە تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.



